پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

شانازی یان شەرمەزاری

436

کاتێک وڵاتانی پەیوەندار بە کورد بارودۆخی ناڵەباریان هەیە و ناتوانن بە شەڕ چارەی کورد بکەن، بانگهێشتی وتووێژمان دەکەن، یان بەناوی شەراکەتەوە چەند کارێکی ئیداریمان وەک کارمەند پێدەبەخشن و تا کاتی پێویست سڕمان دەکەن! بەڵام بە وەرگرتنی چەند کورسییەکی شەقوشڕ، هەروەها بە هاوڕێک کردنی کۆمەڵگاکانمان تا ئاستی نزم و دواکەوتوویان، چ دەسەلمێندرێت؟! مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژووی هەوڵی گەیشتن بە ژیانی شیاو و سەربەستی و ئازادی داوە. بەڵام ئێستاکەش بە ئاوات و ئامانجی نەگەیشتووە. لە هەلومەرجی زۆر سەخت و پڕ لە زەبروزەنگیشدا، یاخی بوون ڕوویداوە و خەڵکی ناڕازی لە پێناو گەیشتن بە ماف و داخوازییەکانیاندا هاواریان بەرز بۆتەوە و بەگژ دامودەزگاکانی حکومەتیدا چوونەتەوە. دیکتاتۆرەکان دەسەڵاتیان تێک ڕووخاوە. جێگۆڕکێ بە حکومەتەکان کراوە. ئاین و کۆمۆنیزم و سیستەمی گەندەڵی بۆرژوایی و تەنانەت حکومەتی دروشم پەرەستەکانی دێموکراسی خوازیش تاقی کراوەنەتەوە! بەڵام کەچی؟! بە دوو پەنجەی ئازادی، چەپ و ڕاست دروشمی داوە! *کاتێک مرۆڤ ڕێگای هەڵە دەڕوات، هەرچەندە کە بەهێزیش بێت، بە ئامانجی ناگات! سەرەڕای ئەوەی کە لە چوارچێوەی سیستەمی چەوسێنەرانەدا بەرژەوەندیخوازی ئازادی و یەكسانی بێ مانا دەکات، بە عەقڵییەتی ئیسلامیش نەتەنیا ئاشتی و ئازادی و سەربەستی و مافەکانی مرۆڤ دابین نەکراوە، بەڵکو حکومەتی ئیسلامی ئێران و داعش و… هاتوونەتە دونیا و جیهانی مرۆڤیان زیاتر تووشی شەڕ و وێرانکاری و تیرۆر و… کردووە! *ئیسلامییەکان بە چووکترین دەسەڵات، گەورەترین جنایات دەخولقێنن! ئیسلامییەکان لە پشتی تێزاب پڕژاندن بەڕووی ئافرەتاندا بوونە و سەرپۆش و داپۆش و خواردن و خواردنەوە، سنووردار و دیاریکراو دەکەن! لە کاتێکدا کە زۆر هۆڤانە ژنان سەنگسار دەکەن، بەڵام بە ڕێگای شەرعییەوە(چەند ژنی و سیغە و کەنیزەک و حۆرییەکانی بەهەشتەوە) هاندەری پیاوانن بۆ هەوەسبازی! دەسەڵاتی ئیسلامی نەتەنیا ئازادییە سیاسییەکان، بەڵکو ئازادییه کۆمەڵایەتییەکانیش بە کوفر و حەرام دەزانێت! ئیسلام نەتەنیا خێر و بەڕەکەت نەبووە، بەڵکو بارگرانی زیاتر و غەزەبێکی سەحرای عەرەبی بووە کە وەک تەپوتۆزەکەی جیھانی مرۆڤایەتی ناشیرینتر و تووشی کێشە و ئازاری زیاتر کردووە! شەرمەزارییە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە خۆیان بە سێکولار و پێشکەوتووخواز دەناسێنن، بەڵام بە دەنگ و ڕەنگی ئیسلامییەوە سیاسەت دەکەن و دیماگۆجییانە ئیسلام بۆ بانگەشەکانیان بەکار دەهێنن! __لە هەلومەرجێکدا کە ئازادی و مافە ئینسانییەکان لە ژێر تەوژمی بیروباوەڕ و حوکمی ئیسلامیدا، بەرچاوتر لە ڕابردوودا قوربانی بووە، __هەروەها کوردیش کە مافە ئینسانی و نەتەوەیەکەی لە لایەن دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەوە پێشێل کراوە و فتوای ئیسلامییانەیان لە دژمان بەکارھێناوە و لەو بوارەشەوە مێژوویەکی پڕ لە تراژیدیامان هەیە، __هەروەها لە کاتێکدا دەریای ئارامی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە تووشی زریان و با و بوڕان هاتووە و بیروڕای جیهانیش لە دژی تووندئاژۆیی ئیسلامی لەبارە، لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا هەل بۆ کورد ڕەخساوە تا لە پێناوی خواستە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆیدا هاواری ئازادی و رزگاری و پێشکەوتووخوازی بکات و خۆی لە دەسەڵاتە دواکەوتوو و سەرەڕۆیەکان و هەر چەشنە بیروباوەڕێکی تووندئاژۆیی جیا و بەدوور بگرێت. بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێکی بەرچاو لە لایەن و کەسێتی کوردی ئەو هەلەش ناقۆزنەوە و لە دەستی دەدەن! هەرچەندەش کە ئەزموونی مێژوویمان زیاتر لە هەر گەلێکە، بەڵام سیاسەتوانانی کوردی لەو بارودۆخانەدا بە ڕێگای هەڵەدا دەڕۆن! لە لایەک بە تێکەڵکردنی دین و سیاسەت کۆمەڵگای کوردی تووشی زڵکاوی ئاین دەکەن و سیمای شارستانییەتی کوردی دەشێوێنن، لە لایەکی تریشەوە بە پەیوەندی ناتەندروستیان لە گەڵ دوژمنانی مافەکانمان، کێشەی نێوخۆیی و خیانەتي نیشتمانی دەخولقێنن! لە هەمووشی گرینگتر و زیان بەخشتر ئەوەیە کە نەتەنیا لە کێشە و قەیران و بێ هێزی حکومەتەکانی سەنتەر کەڵک وەرناگرن، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە یارمەتیان دەکەن و گیانیان پێ دەبەخشنەوە! بەشداری لە بنیاتنانەوە و بەهێز کردنەوەی دەسەڵاتی سەنتەردا دەکەن و لە ئاکامدا پاڕادۆکسی هێز و توانا بە زیانی خۆمان دەکەن و کوردستان تووشی شەڕ و وێرانکاری نوێی دەکەنەوە! بە هەر بیانوویەک کورد بەشداری لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتانەدا بکات کە مێژوویەکی پڕ لە دوژمنکاریمان لە گەڵیاندا هەیە، هەروەها بەجێگەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو هەنگاونان بەرەو دواکەتوویی، نەتەنیا شانازی نییە، بەڵکو شەرمەزار بوونە و دەستپێکی داهاتوویەکی ترسناکە!

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More