رۆژهەڵات تایمز– هاوکات دەگەڵ دژکردەوە و بەناو تۆڵەکردنەوەی قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپاسی قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و مووشەکبارانکردنی چەند بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەیەکی جۆری (بۆینگ ٧٣٧)ی ئۆكراینی لە گەشتی تاران – ئۆکراین لە تاران کەوتە خوارەوە. فڕۆکەکە لە کاتی فڕین بەرەو ئۆکراین دوای ٦ خولەک کەوتە خوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی کە ١٧٦ کەس بوون، گیانیان لەدەستدا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە ویستی ئەو راستی و کارەساتەش بشارێتەوە و بەبیانووی کێشەی تەکنیکی فڕۆکەکە، بیروڕای گشتی جیهان چەواشە بکات، بەڵام بە بڵاوبوونەوەی هێندێک کورتە ڤیدیۆ و ڕای چەند کەس لە پسپۆرانی بواری فڕۆکەوانی، گومانەکان لەسەر خستنەخوارەوەی مووشەکەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر بوون، هەر بۆیە چەند کۆمپانیا و چەند وڵاتێک ئامادەیی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەربڕی. سەرۆکوەزیرانی کانادا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە زانیارییان لەبەردەستدایە کە فڕۆکەکە بە مووشەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە. لەگەڵ ئەوەیدا کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر خەریکی حاشالێکردن بوون، بەڵام دوای ئەوەی کە زانیان ناتوانن پسپۆران و شارەزایان چەواشە بکەن، بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە دوای سێ ڕۆژ حاشاکردن و پەردەپۆشکردنی رووداوەکە، دانیان بەو ڕاستییەکە دانا کە لەلایەن مووشەکەکانی سوپای پاسدارانەوە فڕۆکەکە خراوەتە خوارەوە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆمار و محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ٣ ڕۆژ ڕایانگەیاند کە بەهۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە فڕۆکەکە تێکشکێندراوە. ئەو قسانەی ڕووحانی و زەریف لە کاتێکدایە کە هەر دوای ڕووداوەکە ویستیان کەیسەکە بەڵاڕێدا بەرن و وەک ڕووداوەکانی نێوخۆ و هەوڵە دیپڵۆماسییەکانیان بیروڕای گشتی چەواشە بکەن. دوابەدوای ئەو ڕووداوە و ئاشکرابوونی چەند بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەسەر خستنەخواری فڕۆکەکە و نائەمن بوونی ئاسمانی ئێران، چەند وڵاتێک و کۆمپانیا بە ناوبانگەکانی ئورووپا گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت.
هەر دوابەدوای ئەوەی کە ڕێژیم پێملی ئەوە بوو کە خۆیان فڕۆکەکەیان خستۆتە خوارەوە، ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی گشتیی هەوافەزای سپای پاسداران وازی لە بەرپرسایەتییەکەی هێنا و زانیارییەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەدوای ئاشکرابوونی درۆی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و داننان بە تێشکاندنی ئەو فڕۆکە مەدەنییە، خۆپێشاندانی بەرین لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان و چەند شارێکی دیکە دەستی پێ کردووەتەوە و خۆپێشاندەران ئەمجارەیان راستەخۆ دروشمی دژ بە دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرووی هەموویانەوە شەخسی خامنەیی دەڵێنەوە و داوای روخانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە