هێزە ئایدلۆژییەکان ڕزگاریدەرن، بەڵام هیچ کات نەیانتوانیوە و ناتوانن ئازادیبەخش بن!
چوار دەیە لە هاتنی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێ، چوار دەیەی پڕ لە خوێنڕشتن و کووشت و کووشتاری گەلانی ژێر دەستەی ئێران و خەڵکی کوردستان…
کوردەکان بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە سەریان بۆ دوژمنە دڕەندەکەیان نەوی نەکرد و بە پێچەوانەی هەموو چەپ و ڕاست و نێوەنجڕۆکانی بەناو ڕوناکبیری ناوەند، هەمیشه بە دەنگێکی بەرز و بەرزتر تاوانە دژە گەلییەکانی دەسەڵاتی ئاخوندییان لەقاو داوە.
لە تۆڵەی ملنەدان و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، ڕژیم گرتن، بەند و برسییەتی، تیرۆر و شەهید کردن، لە سێدارەدان و گولـلەباران کردنی ڕۆڵەکانی کوردستانی خستە چوارچێوەی پلان و پیلانی نامرۆڤانەی خۆی.
بەڵام کوردەکان لە سێبەری خەباتی پێشمەرگە و تێکۆشەرانیاندا هەر زیندوو و لە سەرپێ مانەوە!
ڕوداوەکانی ئەم دوایانە سەرەتای لەرزین و داڕوخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە…له باری دروونناسییەوە کاتێک ترسەنۆکەکان ترسیان دەشکێت، دەبنە ئازاترین مرۆڤ! کۆمەڵگای ترس لێنیشتبووی ئێران، ئیتر ترسی شکاوە! ئەوان بە ئاشکرا، ئاشکراتر لە حیزبە سەراسەری و حیزبە کوردییەکانی خۆمان، درووشمی ڕووخان و تێکەوەپێچانی دەسەڵات دەڵێنەوە! بە ئاشکرا دژی خامنەیی و سپا و ویلایەتی فەقین. دەمێک بوو کۆی یاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی شتێکی کەم بوو! ڕوداوێک بۆ جەرەقەی هەڵگیرسانی شۆڕش! ئەوەش یان دەبوو کوژرانی بە کۆمەڵی خەڵک بێت، یان ڕیسوایی و کردەوەیەک کە خەڵک بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆ لێخۆشبوون نابن!
کارەساتی بەربوونەوەی فڕۆکە ئۆکراینەکە کارتەکانی ئەو یارییەی تەواو کردن! تا ئێرە زۆرینەی دژکردەوەکان هی خەڵکی ئاسایی و کەسە سیاسییەکان بوون! بەڵام لێرەوە هونەرمەند و میدیاکاران هاتوون و زیاتریش دێنە مەیدان و خەریکن پۆل پۆل واز لە دام و دەزگا حکوومییەکان دێنن و ئەوەش کاریگەری لە سەر وزە و ورەی هەموو خەڵکی ئێران دەبێت…. ڕەنگە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و دڕەندەی وەک ڕژیمی ئاخوندی ئاوا بە سانایی له ناونەچێت. بەڵام ئەوەی دیاریشە ئەوەیە کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ژێر دەستی ئێران جارێکیتر مل بە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی نادەنەوە و کۆماری ئیسلامی خەریکە دوایین مانگ و ساڵەکانی ژیانی خۆی دەبژێرێت!
لەو نێوەدا پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وێڕای ڕێبەری کردن و هاوئاهەنگی له گەڵ چالاکانی نێوخۆ، پەلە بکەن لە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو و دامەزراندنی سپایەکی نیشتیمانی و مۆر کردنی ڕێکەوتننامەیەک کە تێیدا دەستبردن بۆ چەک لە بەرامبەر یەکتریدا وەک خەیانەتی نیشتیمانی سەیر بکرێت و ئەو دڵنیاییە بدرێتە خەڵکی ڕۆژهەڵات کە خزمەتکارێکی دڵسۆزی گەلی خۆتان دەبن…
کۆماری ئیسلامی سەرەتای لەرزین و داڕمانی دەست پێکردوە و پێویستە ئێمەی کوردیش درووشمی ڕووخان و نەمانی ڕژیم بە دەنگێکی بەرزتر له ئێستا و لە ڕابردوو بڵێینەوە!
@بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە