کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی ١ی فوریەی ٢٠٢٠ی زایینی، یەکەم کۆنفڕانسی گشتیی” ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێمۆکرات” لە ئۆسڵۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
سەرەتای کاری کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێ کرد.
کۆنفرانسی گشتی ناوەند لە لایان بەڕێز “مام ئەحمەدی خاڵ حەمەدی” وەک یەکێک لە پێشمەرگەی دێرینەکانی بەشدار لە کۆنفرانس بە فەرمی کرایەوە.
لە بڕگەی دواتردا، بەرێز “محێدین شەریفزادە” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کاتی ناوەند، وتەیەکی سەبارەت بە ئەرک و رەساڵەتەکانی رێکخستنی ناوەند پێشکەش کرد.کاک محێدین لە بەشێک لە وتەکانی بەڵێنداری ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکراتی بە حیزب دووپات کردەوە و سوپاسی لە هەڵوێستی هەردووک بەشی حیزب کرد کە ئاستەنگیان لەبەر دەم کۆنفرانس دانەنا.
پاشان کاک “سەلاح حاجی رەشیدی” لە دامەزرێنەرانی ناوەند، سەبارەت بە بیرۆکەو زەروورەتی دامەزرانی ناوەند چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداران کرد. لە بەشێک لە وتەکانیدا باسی لە گرینگی ناوەندێکی بەڵێندار بە کۆمەڵێک چەمک وەک پێشمەرگە و شەهید و پرسە نیشتمانییەکان کرد ،بەڕێز ڕەشيدی بە فاکت ھێنانەوە لە وتەکانی شەھید قاسملوو کە باسی ئەخلاق لە سياسەتدا دەکات وتی: “ئێمە بەو بیرۆکە ،هاوخەباتیی پێشمەرگە دیرینەکانمان لە هەردوو بەشی حیزب پێکەوە لکاند و مەڵبەندمان لەسەر ئەو بنەمایانە رسکاند.
یەکێکی دیکە لە دامەزرێنەران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کاتی ناوەند کاک لوقمان باختە راپۆرتێکی لە سەر نوێژەنکردنەوەی گڵکۆی شەهیدانی دێموکرات پێشکەش کرد.
دوایین بەشی راپۆرتی ناوەند وەرووخستنی کارو چالاکیەکانی بەشی راگەیاندنی ناوەند بوو کە لە لایەن کاک شۆڕش ئەسەدزادە ئاراستە کرا،کاک شۆرش لە بەشێک لە راپۆرتەکەدا وتی:بەشی ڕاگەیاندن یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەوە بووە کەڕێگای نەداوە ھەتا ئێستا مەڵبەند ببێتە پێگەیەک بۆ سوود وەرگرتنی خراپ لەنێوان حدک و حدکا٠ بەڵکوو ھەمیشە ھەوڵمانداوە ببینە ھۆکارێک و جێگایەک بۆ زیاتر لێک نزیک بووەنەوەی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات بەگشتی٠ بۆ یەکجاریش لەم مەڵبەندەدا ھیچ چەشنە بێڕێزی و قسەیەکی ناشیرین ڕووینەداوە٠ ئەوە بۆخۆی نیشانەی سەرکەووتنی ئەم سیاسەتە بووە٠.
بەشی گرینگی کۆنفرانسەکە باس و راوێژی بەشدارانی کۆنفرانس بوو کە هەموو رەهەندەکانی تێکۆشانی رابردووی مەڵبەندیان بە تێبینی وپرسیارەکانیان دەوڵەمەند کرد،ئەندامانی کۆنفرانس لە سەر لۆگۆ،ناو،ئاییننامە و کۆمەڵێک بابەتی گرینگ ڕاوێژیان کرد و لە نێوان چەند ناوی پێشنیارکراو ،ناوی “مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێمۆکرات”یان بۆ ناوی “ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێمۆکرات” گۆڕی و چەند گەڵاڵەیان بۆ رێککردنی ئایینامەی داهاتوو پێشکەش و پەسند کرد.
کۆتایی بەشی کۆنفرانسەکە هەڵبژاردنی بەشی بەڕێوەبەری ناوەند بوو کە بە دەنگی دیموکراتیکی بەشداران7 کەس بۆ ئەندامانی بەرێوەبەری ناوەند هەڵبژێردران و سەلاحیەتیان پێدرا تا 5 کەسی دیکە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەرێوەبەری دیاری بکەن.
ناوئاخنی بڕگەکانی کۆنفرانس بە شعر و سروود ڕازابۆوە.
لە یەکەم دانیشتنی ئەندامانی بەڕێوەبەری نوێی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسی گشتی هاوڕێیان لوقمان باختە و ڕەزا ئەمینی وەک بەرپرسی گشتی و جێگری بەرپرسی گشتی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکان ئەرکدار کران.
کاتژمێر ٦ ی ئێوارە لە نێو شادی و رازمەندی گشتی کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.
تێبینی: کۆمەڵێک نامە،ڕاسپاردە و پەیامی جوان لە لایەن پێشمەرگە دێرینەکان بە ناوەند گەيشتبوون کە لەبەر کەمی کات لە کۆنفرانس بۆمان نەخوێندرانەوە.لە نێو ئەو پەیامانەدا پەیامی رێزدار سەدیق بابایی تێکۆشەری دێرین خوێندراوە کە کۆمەڵێک راسپاردە و رێنوێنی جوان و جێگای سرنجی تێدا بووجێگای ئاماژەیە گۆڕینی ناوی مەڵبەند بۆ ناوەند پێشنیاری کاک سەدیق بوو کە کۆنفرانس دەنگی پێدا. جێی خۆیەتی لە لایان کومیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکراتەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشکەشی سەرجەم ئەو هاوڕێ بەڕێزانە بکەین کە بەشداریی یەکەم کۆنفڕانسی ناوەندی پێشمەرگە دێرنەکانی دێموکراتیان کرد و چالاکانە لە باسەکاندا بەشدار بوون و هاوکات سوپاسی ئەو هاورێ خۆشەویستانەش بکەین کە بۆ ئامادەکردن و راییکردنی کاروبارەکانی کۆنفڕانس زەحمەتیان کێشا و هاوکارمان بوون و پشتیان گرتین.
بژی حیزبی دێموکرات
بە هیوای وەدیهاتنی ئامانجە رەواکانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
١ی فوریەی ٢٠٢٠
ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات
© 2019 ڕۆژهەڵات تایمز - هەموو مافەکانی ماڵپەڕ پارێزراون و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی بابەت بەبێ ڕەزامەندی ڕۆژهەڵات تایمز ڕێگەپێنەدراوە.
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە