ئاڵوگۆڕە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەتەواوی بە زیانی حکومەتی ئاخوندی شکاوەتەوە و هەرچەند تاران لە لای خۆیەوە هەڕەشە لە ئەمریکا و نەیارەکانی تری دەکات کە توانای وەشاندنی زللەی گەورەی هەیە و دەتوانێ ڕووبەڕووی دژبەرەکانی بێتەوە و لەسەر ڕێگایان بە هێزی سەربازی لایان بدات.
دیارە ئەو قسانەی کاربەدەستانی تاران زیاتر داماوی و تەریكکەوتنەوەیان لە کۆمەڵگای جیهانی دەخاتە ڕوو و ئەو چەند وڵاتەی کە زۆریان هیوا لەسەر هەڵچنیبوون و بە یار و پشتیوانی گەورەی خۆیان دەزانی لە ئەگەری بارگرژییەکاندا، وەك روسییە و چین، لە کاتی توندبوونی گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاراندا، زۆر ژیرانە و بە خشکە خۆیان لە ڕێژیمی تاران بەدوور گرت و کاردانەوەیەکیان نەبوو کە دڵی تاران ئاسوودە بکات.
ئەوەی زۆر جار دەگوترا حکومەتی ئاخوندی لە دوا پەلەقاژەکانی ژیانی خۆیدایە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی مانەوەیان دەدەن، بەتەواوی نێشانەکانی کۆتایی تەمەنیان دەردەخات و زۆر نابات، گۆڕانێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی بەسەر ئێراندا دێ و کوردیش وەك نەتەوەیەکی وشیار و بە تەواوی لە مەیداندا، سوودمەندی یەکەمی وەرچەرخانەکان دەبێ و بە سانایی کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
کاربەدەستانی ڕێژیم هەریەكە و بە شێوازی خۆی سەبارەت بە گوشارەکانی سەر ئێران دەدوێن و ڕوانینی نامۆ و دژبەیەکیان بەردەوام دەخەنەڕوو و ئەوەی بە تەواوی کاربەدەستانی ڕێژیمی لەسەر کۆك و لێك گڕیداونەتەوە، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی ئەو وڵاتەیە لە ئەمریکا و دژبەرەکانی تری ناوچەکە.
ئۆروپا بە تەواوی پشتیوانی هەنگاوە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی واشنگتۆن دەکات و لەسەر ئاستی ناوچەییشدا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا زیاتر لە جاران خۆیان بە دژی حکومەتی ئاخوندی ڕێک خستووە و گوێڕایەڵی ئەمریکا دەکەن و بە هاوبەشی هەوڵی تەریكکردنەوە و پەراوێزخستنی تاران دەدەن.
ئەو وڵاتانەی کە تا دوێنێ لەسەر ئێران دژایەتی ئەمریکایان دەکرد و دەم بەردووکەیان لەگەڵ واشنگتۆن دەکرد، پاش هەڕەشەکانی خامنەی و روحانی لە وڵاتانی فەڕانسە و ئەڵمان و بریتانیا، سیاسەتی دەرەوەی بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانە لە هەمبەر تاراندا گۆڕا و ئێستا بەو ئاکامەی گەیشتوون کە حکومەتی ئێران بەتەنیا مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی ناوچە، بەڵکوو بە سەرچاوەی هەڕەشە و فیتنەی گەورەی لەسەر ئاستی گێتی دەزانن. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە ئێستا هەوڵم دەدەن وێڕای هێزەکانی ئەمریکا، لەسەر سنوورە ئاوییەکانی نزێك لە ئێران چاودێری و کۆنتڕۆڵی زیاتری جوڵەی تاران بکەن و لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەییان دابین بکەن و بەهاوبەشی لەگەڵ دۆستە دیڕین و ستڕاتیژییەکانیان بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن.
ئەگەر تۆزێك بە قوڵی سەیری ڕوودا و پێشهاتەکانی ئەو چەند مانگەی دوایی بکەین، ڕەنگە ئەوکات باشتر لە جەوهەری هەستیاریی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بارگرژییەکانی واشنگتۆن و تاران بگەین. ئەمریکا سەبارەت بە ئێران بە تەواوی سیاسەتی خۆی گۆڕیوە و ئەگەر هێندێك جار نەرمی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بەدی دەکرێت لە پەیوەندی لە گەڵ تاراندا، بێگومان زیاتر ئەو بابەتە دەچێتە خانەی تاکتیکی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. ئەگینا کۆشکی سپی و سیاسییە بەئەزموونەکانی ئەو وڵاتە، بەو ئاکامە گەیشتوون کە حکومەتی تاران بۆتە سەرچاوەی مەترسی و نانەوەی ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکەدا و دەبێت بە هێز بەرگری لە باڵادەستییەکانی بکرێت و هەتا ل سەر ئاستی نێوخۆشدا ڕێگری لە سیاسەتی ستەمکارانەی بکرێت.
بەدوای کوژرانی “قاسم سلیمانی” فەرمەندەی سوپای قودسی ڕێژیم، بەدڵنیاییەوە هاوسەنگی هێز بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئەمریکا و دۆستەکانیدا گٶڕانی بەسەردا هاتووە. حکومەتی ئێران و باڵی سەربازیی ڕێژیمی ئاخوندی هەراوهوریایەکی زۆریان نایەوە و لە لای خۆیانەوە کەوتنە هەڕەشەکردن و تۆڵەکردنەوە لە هێزە ئەمریکاییەکان. بە تێگرتنی چەند مووشەکێك بە هێزەکانی ئەمریکاجێگر لە عێراق، تەپووتۆزی ڕاگەیاندن و دەنگ بەرزکردنەوەیان بەسەر نەیارەکانیاندا بە تەواوی کۆتایی پێ هات و ئێستاش جار بەجار ل سەر ئەو شێوازە ترسەنۆکانەیان دەڕۆنە بەرەوە، بێ ئەوەی بوێری ئەوەیان هەبێت دەستیان بەرز بکەنەوە.
نیشانەکانی ڕوخانی ڕێژیمی ئاخوندی تا دێ باشتر دەردەکەوێ و بەهۆی گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە زەمینەی شیاوتری داڕمانی بەسەریەکدای بۆ دەڕەخسێ. ۰
گەلانی وڵات بە تەواوی کەوتوونەتە دژایەتی ئەو ڕیژیمە و ئازادی و ژیانێكی شایستە و ئابوورییەکی ئەوتۆیان دەوێت کە بتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتی خەڵك بەگشتی و بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی دابین بکات و دەرفەتی ژیانێکی ئاسوودە و سەردەمییانە بۆ گەلانی ئێران بڕەخسێ و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ببووژێنەوە.
لە یاسای حکومەتی ئاخوندیدا هیچکام لەو خواست و ئارەزووانەی خەڵك بەدی نەهاتووە و بەدوای خۆپێشاندان و بێزاری دەڕبڕینی گەلانی وڵات لەسەر شێوەی ئەدای حوکمڕانی دەسەڵاتی ستەمکارانەیان، جەوێکی بە تەواوی ئەمنییەتی و پۆلیسی بەسەر بەشێك لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا فەرز کراوە.
لە وڵاتێکی وەك ئێراندا کە سروشتێکی بە تەواوی سیاسی و نەتەوەیی تایبەتی هەیە، وەختێك ئازادی و مافە دێمۆکراتیك و نەتەوایەتییەکان بەدی دێن، کە حکومەتی تاران داڕما بێ و دەسەڵاتێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی ویستی فرەنەتەوەیی گەلانی وڵات بێت، لەو وڵاتەدا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ.
گەلانی پێكهێنەری ئێران ئازادییەکیان دەوێت کە دەرفەتی بەشداری لە حوکمڕانی وڵاتیان بە تەواوی بۆ زامن بکات و مافی نەتەوایەتی گەلان بە گوێرەی دەستووری وڵات بۆ هەموو نەتەوەکان لەبەر چاو بگیرێت و بۆ جارێکی تر غەدری سیاسی و مێژووی لە نەتەوەکانی وڵات نەکرێتەوە.
لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە بنەماکانی دیاریکردنی مافی نەتەوایەتی گەلانی وڵات لەسەر بنەمای فیدڕاڵێ بێ و بە جۆرێك دەستوور ڕێک بخرێ، هەرکاتێك یەکێك لە نەتەوەکان بڕیاری جیابوونەوەی خۆی بدات، لە گەڵ دژایەتی و توندوتیژی سیاسی و سەربازی نێوخۆی بەرەوڕوو نەبێتەوە.
چونکە سروشتی پێكهاتەی سیاسی و نەتەوایەتی ئێران تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە داهاتووی وڵاتدا بە تەواوی دەبێت ڕەچاوی ئەو خاڵە گرینگ و جەوهەرییە بکرێت تا لەو ڕێگایەوە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی هەموو لایەك پارێزراو بێت.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ڕۆڵی گەورەی لەنێو بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورددا لەسەر شان بووە، زۆر ژیرانە لەو پەیوەندییەدا هەڵویستی خۆی دربڕێوە و ئەو مەسەلەیە بەشێکی گرینگی لە بەرنامەی سیاسی حیزب بۆ تەرخان کراوە و سیاسەتی حیزب لە هەمبەر داهاتووی سیاسیدا بەتەواوی ڕوون کراوەتەوە.
وڵاتی ئێران بە تەنیا خاکی فارس یان نەتەوەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوەکان خاوەن خاك و سنووری نەتەوەیین و دەکرێ ئەو باسە لە داهاتووی سیاسی و سازانی نیشتیمانی وڵاتدا بە تەواوی ڕەچاو بکرێت.
هەتا دێت گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئاخوندی ل سەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیدا، کاریگەییان لەسەر دەسەڵاتی تاران دەردەکەوێت و ئەگەر رووداوەکان بەو جۆرە درێژەیان هەبێت، بێگومان حکومەتی ناوەندی هێزی کۆنتڕڵکردنی ئەوتۆی نامێنێ و ئەوکات گەلانی بێزار لە حکومەتی ئاخوندی زیاتر دێنە مەیدان و دەرفەتی ڕووخانی حکومەت، زەمینەی شیاوتری لە ئێراندابۆ پێك دێت.
ئەو وڵاتانەی کە پێشینەی دیکتاتۆرییان هەبوو لە سەر ئاستی ناوچەییدا و لە زەبروزەنگ و لەنێوبردنی ئازادیخوازانی گەلانی وڵاتەکەیاندابە هیچ جۆرێك شانیان لە شانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران نەداوە و ئەو ڕێژیمە وڵاتی کردووەتە بەندیخانە و کۆمەڵکوژی بەدژی گەلانی ئێران بەڕێوە بردووە. بەشیکیان بە تەواوی تێك ڕووخان و شوێنەوارێك لە حوکمڕانییان نەماوە و بێگومان داهاتووی ڕێژیمی تاران هەر بەو جۆرە کۆتایی دێ و ئەو ڕۆژە دێ گەلانی ئێران بە ڕێگای دادگا و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، سزای توندی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی بدات ئەویش بەهۆی کردەوەی کۆمەڵکۆژی و زەبروزەنگی لە ڕادەبەدەریان بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی گەلانی وڵات.
ڕێژیمی تاران لە ئێستادا بەتەنیا نیگەرانی تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لەسەر ئاستی گێتی و ناوچەییدا نییە، بگرە مەترسی ئەوەشیان هەیە هێزە چەکدارەکانیان لە سەنگەری خەڵكدا، سێرە لە خۆیان بگرن.
چونکە لە کاتی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی وڵاتدا، هێزە چەکدارەکانیش لە ژێر هەژموونی حکومەتدا نامێنن و ڕیزی خۆیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێراندا جیا دەکەنەوە و پشتیوانی لە دەنگی ئازادی و دادپەروەری دەکەن.
حکومەتی ئاخوندی هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی متمانەی خەڵك بۆ حکومەت بەدەست بێنێتەوە، بەڵام گەلانی ئێران ئەوەندەیان چەرمەسەری و نادادپەروەری سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە سایەی ئەو ڕێژیمەدا بینیوە، هەرگیز بۆ جارێکیتر شوێن قەول و بەڵینییەکانیان ناکەونەوە و زۆر موکووڕن لەسەر ڕوخاندنی و لایەنگری گۆڕانی بنەڕەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا دەکەن.
ئەمریکا بە زمانێك پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەکات و لە لایەکی دیکەش هەوڵەکانی زیاتر چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی گوشاری توندتری سیاسی و سەربازی و ئابووری بخاتە سەر تاران و لە ژێر کاریگەری ئەو پاڵەپەستۆیەدا، شادەمارەکانی بەتەواوی بەرەو لاوازی و لەکارکەوتن بەرێت.
جگە لە فشارەکانی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، کۆدەنگییەکی کاریگەرتری ناوچەیی بە دژی پێگەی ڕێژیمی تاران دەبینرێ و بێگومان ئەو بابەتەش دەتوانێ کاریگەری لەسەر لاق خڕکردنەوەی تاران هەبێت.
حکومەتی ئێران بەتەواوی لەگەڵ قەیرانە جۆربەجۆرەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و دروشمی خەڵك ئەوەیە کە دەستەڵاتداران واز لە کاری سیاسی بێنن و وڵات بەجێ بێڵن. ڕێژیمی تاران هەوڵی زۆری دا کوژرانی “قاسم سلیمانی” وەك بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتیوانیی گەلانی وڵات بەکار بێنێ. هەر بەو دەلیلەش شار بە شار تەرمەکەیان گێڕاو هەروەك بینیمان خۆپێشاندەران ئەوەندە لەو ڕێژیمە و کردارەکانی بێزارن، تەنانەت وێنەکانی ئەو گەورە تیرۆریستەشیان لە دار و دیوارەکان کردەوە.
گەلانی وڵات ڕووخانی ڕێژیمیان کردووەتە دروشمی ڕۆژیان و بە پێچەوانەی حکومەتی ئاخوندی، خەڵك و گەلانی ئێران جگە لە ڕێز و خۆشەویستی بۆ ئەمریکایان نییە. دەرکەوت کە ئەوەی دروشمەی بمرێ ئەمریکا دەڵێن، شوێن کەوتوانی دەسەڵاتی ئاخوندین و” گەلانی وڵات لەو دژایەتییە بە تەواوی بێبەرین” .
بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی کاربەدەستانی وڵات بەتەواوی کەوتووەتە ژێر گوشار و لەنێو کاربەدەستانی نیزامی حاکم بەسەر چارەنووسی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی ئێراندا هەست بە دووبەرەکی زۆر دەکرێت .
ئێران هەوڵی زۆر دەدات تۆزێك شانیان لەژێر گوشاری ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا ڕاست بکاتەوە، کەچی بەو دواییانە پێکانی فڕۆکە ئوکڕاینییەکەی هاتە سەر و رووداوی پێکانی ئەو فڕۆکەیە لە لایەن سوپای پاستارانی ڕێژیمی تاران، هێندەی تری شەقامی وڵاتی لەخۆی دەهری کردەوە.
حکومەتی ئێران دەسەڵاتێکی چاوچنۆك و مرۆڤکوژە و دژی ئازادییەکان دەوەستێ و ئەوەی ئێستا بەسەریان دێ، بەدڵنیایەوە هۆی خراپ جوڵانەوەی خۆیان بووە لە ماوەی تەمەنی حوکمڕانیان بەسەر گەلانی وڵاتداا.
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لازمە سەبارەت بە داهاتووی وڵات و پاش ڕووخانی ڕێژیمی تاران، بە جۆرێك ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردیان گەڵاڵە و ڕێک خستبێت کە کورد وەك گەلێکی دیاری نێو بزووتنەوەی سیاسیی ئێران و کوردستان بە تەواوی بەمافەکانی بگات.
چونکە ئەگەر لە ئێستاوە ئەوە نەکرێ، بەدڵنیایەوە لە کاتی ڕوودانی بارگرژی و تێكچوونی هاوسەنگیی سیاسی و سەربازیدا، کورد بە کۆی دەستکەوتەکانی ناگات و ئەگەری ئەوە هەیە بە ڕێگای کایە و گەمەی نوێی سیاسی و نێودەوڵەتیدا کێشەکان بەرەو چارەسەرکردن ببرێنەوە و پینە بە شڕەی بکەن.
محەممەد سلێمانی
05.02.2020
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە