وێنە خوێناوییەکەی ناو دەستی شەھیدێک … عێلی گەرمێن و کوێستانچییەکان بەرەوژێر دەبوونەوە، وردەوردە سروشت ڕەنگی دەگۆڕاو و پێتەڵووکەی تۆزی جێ ھەواران بوو . ھێدی ھێدی سەرمای پاییزە خۆی لەبن رەوەزەو بەرد و بەرپەساران دەکرد و کزە بایەکی سارد خۆی دەکێشا بە ڕووخسارماندا . بە نیازی پشوودان و سڕینەوەی ئاڕەقەو و ماندوویەتی چەند مانگەمان لە داوێنی چیایەکی سەرکەش مابووینەوە.
ھێشتا سیوادی نەدابوو ، ھێندێک لە ھاوڕێیان چووبوونە ناو پشتێندەکانیان و کۆڵەپشتی شان یاخود بەردێکیان کردبووە سەرین و ھەندێکیش تاکو مل خۆیان لە کیسەخەوەکان وەرپێچابوو . شەکەتی و ماندوویەتی بڕستی لێ بڕیبووین و لە خەوێکی بێبڕانەوەدا بووین . بەڵام لەھەمانکاتیشدا بۆ ھەر دژکردەوەیەک ئامادەو گورج و گۆڵ و چابووک بووین .
دەنگی دیدەبان و نیگابانی سەرلەبەیانی خەوەکەی زڕاندین و گورج و گۆڵ ھەڵوێستمان گرت .
کوڕینە ھەستن ھێزی زۆر و بۆری دوژمن وا خەریکە دەگەنە سەرمان . ڕابن ڕۆژ ڕۆژی مەردانە . یەکێک لە ھاوڕێیان بەدەم باوێشکەوە: “لێمان گەڕێ باکەمێکی دیکەش بخەوین ، واز لە شۆخیکردن بێنە .”
کوڕە شۆخی چی دوژمن وا خەریکە دەگاتە بن ڕەوەزە بەردەکانی ئێمە . لە ژمارەنایەن، ڕابن . ھەر یەکەمان ئامادەو لە پەنا گاشەبەردێکدا سەنگەرمان گرت. دیتمان ڕاستە دەورمان خەریکە بەتەواوی بگیرێ . ھاوڕێی فەرماندە گوتی کوڕینە ڕۆژ ڕۆژی مێرانە، بتانبینم چۆن چۆنی حەماسە و قاڕەمانییەتی تۆمار دەکەن و دوژمنی زۆر و زەوەند بەچۆکدا دێنن .
شوێنەکەمان کەمێک حاسێ و بەسەر دوژمندا زاڵ بوو ، ئێمە بڕیاری شەڕی مان و نەمانماندا بوو. ھێزی دوژمن وردە وردە لێمان نزیک دەبۆوە ، بە ئاسانی و بێ دووربین دەمانتوانی بیانبینین. ھەستمان بە بیستنی دەنگیان دەکرد . بێخەبەر لەوەی ڕۆڵەکانی گەل و پێشمەرگەی دێمۆکڕات و ڕۆڵەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات لە سەنگەردان و ترس ناناسن .
ئامادە دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ چاوەڕوانی ئاماژەی فەرماندە بووین. ھەر چەندە ھێزی ئێمە مەزەندە نەدەکرا بە ھێزی زۆری دوژمن ، بەڵام ھەریەکەمان کێوێک بووین لە خۆڕاگری. ئێمە قاڵبووی سەدان داستانی خۆڕاگری و چۆکدادان بووین بە دوژمن .
ھێزی دوژمن بێخەبەر لەوەی بەورەکانی چیا لە سەنگەردان و بە خەیاڵێکی ئاسوودە و دوور لەترس و مەرگ ڕێگایان بەرەو بەرزایی چیا دەبڕی .
بەجوانی دەنگەکانمان دەبیست و لێیان تێدەگەیشتین . تەنیا چەند میترێکیان مابوو بگەنە بەر دەمی ئێمە . ئێمەش وەک پڵینگ لە بۆسەدا بووین بۆ ئامبازبوونیان .
ھەناسەکان لە توندبووندا بوون. لەگەڵ یەکەم ئاماژەی فەرماندە، چەکەکان گڕیان گرت و سینگی دوژمنیان دابێژ دابێژ کرد. بوو بە ھەرا، کوڕینە ھەر ڕۆژیکە و ئەمڕۆ لێیان بدەن، بیانکوژن ڕوحمیان پێ مەکەن… ئاوربارانێک بوو، جەھەندەممان بۆ دوژمن ساز کرد بوو. ئەوەی توانی ڕابکا ڕای کرد، دەنا بە کوژراوی و برینداری لەبن ڕەوەز و گاشەبەردەکاندا کەوتنە سەر زەوی. ھەرگیز لەو شوێنە ئەستەم و لە ناوجەرگەی دوژمندا دوژمن ھەستی بەو مەترسیە نەدەکرد، بۆیە بەخەیاڵێکی ئاسوودەوە بەرەو بەرزایی دەکشان .
چەکەکانمان گڕیان دەباراند و ھەراو گوڕەی ئێمە دوژمنی دەتاساند. دەستوبرد بووین لە ھێرشدا و توانیمان دەست بەسەر چەند تەرمیکدا بگرین و تا داوێنی چیا ڕاویانبنێین و بە سە تەرمەکانیاندا ھەنگاو بھاوێژین .
دوژمن بەشپرزەیی و کەمێک بەرگری و دۆڕاوی، مەیدانی شەڕی بەجێ ھیشت و ھێزەکانیان لە داوێنی چیاکەدا جیگیر بوون. شوینەکەمان زۆر دیارو بەرچاو بوو، لە دیدی تۆپخانەکانی دوژمنیشدا بوو. ھەر بۆیە زوو خۆمان تەیار کردەوە و چاوەڕوانی دوابڕیاری فەرماندە بووین . فەرماندە گوتی: “کوڕینە بە خۆشییەوە دوژمن لە ئاست ورەو زەبری ئێمەدا زەبوون و داماو بوون و بە دانی کوژراو بریندار داپەڕینە خوارێ .
ھاوڕێیان ئێستا دوژمن وەک ورچی برینداری لێھاتووە و دەیھەوێ بە زووترین کات تۆڵەی خۆی بکاتەوە، وەک دەزانن ئێستا بەرەبەری نیوەڕۆیەو دەوروبەرمان بە پایەگای دوژمن تەنراوە. ئێستا دوژمن دەکەوێتە خۆی و بە ھێزی ھەوایی و تۆپخانە ھێرشمان دێنێتە سەر، شەڕ شەڕی مان و نەمانە. دەبێ تا دواھەناسەی ژیان شەڕ بکەین و نەھێڵین دوژمن زەفەرمان پێ بەرێ .”
ڕۆژ لە ناوەندی ئاسماندا بوو ، تاقولۆق دەنگی تەقەی ورد دەبیسترا ، بەڵام بە دووربین دەمانبینی ھێزی دوژمن لە جوڵەدان و خۆیان بۆ پەلامارێکی تر ئامادە دەکەنەوە . ئێمەش لەناو گڕەبەردەکاندا ھەمدیس خۆمان بۆ ھەر چەشنە ھێرشێک تەیار دەکردەوە .
یەکەم شریخەی تۆپێک بیر و خەیاڵی ھارووژاندین و لە پشت گڕەبەردەکەی ئێمەوە تەقییەوە ،
“ھاوڕێیان دوژمن نایھەوێ بە ھیزی زەمینی جارێ ھێرش بێنێ و کەڵک لە تۆپخانە وەردەگرێ، نە چن فیشەکەکانتان بەھەدەر بدەن و تەقەی خۆڕایی بکەن.دەست بەوەندە ئاو و نانەوە بگرن کە پێتان ماوە. دبێ ھەتا شەوێ بەھەرشێوەیەک بێت خۆمان ڕابگرین . کاتی تاریکداھاتن پلانی خۆمان دەگۆڕین .”
یەکەم تۆپ و دووھەم تۆپ …. ڕەوزوبەردەکانیان لێ کردین بە ئاوڕ و ئاسن، بەڵام ئێمە باکمان نەبوو. کوڕەکان بە خۆشییەوە ھەر ھەموویان سەلامەت بوون و خودان ورەو ئیرادە .
تا دەھات ئاوری تۆپخانەی دوژمن گەرمتر دەبوو. وردە وردە لێمان نزیک دەبۆوە ، ڤیڕە ڤیڕی تیکەی تۆپ و بەرد تێکەڵ بەیەکتر دەبوون و ئاوازەی مەرگیان بەسەرماندا دەباراند و ئاسمان بە دووکەڵە شینکە تەنرابوو .
ئێمەش ھەروا لەنێو سەنگەردا . چرکەکانی زەمەن تێپەڕینیان نەبوو ، میلی کاتژمێرەکان لە وەستاندا .
ھەر ئەوندەمان زانی نێو کۆزیلکەی ھاوڕێیان بوو بە ئاگر و تۆپێک لەنێو گڕەبەردەکەی ئێمەی دا. بوو بەتەپ و تۆز و کۆخە کۆخ… “کوڕینە ھەمووتان سەلامەتن؟” بەحال دەنگی یەکترمان دەبیست. کوێچکەکانمان کاس ببوون و گیرابوون بە دەنگی تەقینەوەکە . پاش تۆزێک لە ھێوربوونەوەی زەمەن سیمای ھاوڕێیان بۆ جارێکی تر لەنێو دووکەڵی تەقینەوە و دووکەڵ و باڕووت دەرکەوتنەوە، بەڵام ھێندێک نێوە گیان و خوێناوی دەبینران . ھەندێک برینیان سووک بوو بێ گوێدانی خۆیان، بەدوو ھاوڕێیانی تریاندا وێڵ و کەیل بوون . زۆربەی ھاوڕێیان ئەنگێورابوون، بەڵام بەخۆشییەوە جگە لە چەند ھاوڕێیەک نەبێ برینەکانیان سووک بوون و جێگەی مەترسی نەبوون .
کادری دەرمانی لەنێو ئەو دووکەڵ و ئاوربارانەدا کەوتە خۆی و دەستی بە تیمارکردنی بریندارەکان کرد. کاتژمێر وەستا بوو و جوڵەی نەبوو ، دەبوو لە کاتی تاریکیدا ئەو بریندارانەی کە برینەکانیان قورسە بە زووترین کات ڕابگویزین و لە مەترسی دووریان بخەینەوە .
تا دەھات ئاوری تۆپخانەکانی دوژمن خەستتر و تووندتر دەبوون. لەپڕ لە تەنیشتمەوە نرکەیەکم بیست و ھیچی ترم گوێ لێ نەبوو ، کە ئاوڕم دایەوە “ھیوا”م لە تەنیشت نەمابوو ، منیش ھاوارم کرد : ھیوا ھیوا… ، بەڵام وەڵامێک نەبوو . “کوڕینە بگەنە ئێرە ھاواری ھیوا دەکەم ، بەڵام وەڵام ناداتەوە”، ھەر لەتەنیشت خۆمەوە و لە بن گاشەبەردێک “ھیوا”م بینی ناڵە ناڵییەتی. خێرا گەیشتمە سەری و دایھاتمێ ، بەڵام دەست یەکسەر چۆ ناو خوێن و برینەکەیەوە .
ھیواگیان! ھیواگیان! “ھیچ نییەو تەنیا برینێکی سووکە”، بەڵام لە ڕاستیدا ھەموو لەشی دابیژ دابێژ کرابوو . چۆڕاوکەی خوێن لە برینەکانی ھەڵدەچۆڕا .
سەریم بەرز کردەوە. پێکەنینێک لەسەر لێوەکانی بوو … گوتم ھیواگیان ھیچ نییە ئێستا برینەکان چارەسەر دەکەین، بەڵام کاتێک سەریم بەرز کردەوە، قوڵتەی خوێن لە گەرووی ھات و بۆ دوا جار و دوانێگا چاوێکی لە چاوە پڕ لە فرمێسکەکانم کرد و نێگای لە نیگای پڕ لە تاسەم بڕی و دواھەناسەی ژیانی ھەڵکێشا .
تفەنگەکەی ھەر بەدەستی ڕاستییەوە بوو، بەڵام دەستی چەپی وێک ھێنابۆوە. کاتێک سەریم خستە سەر تاشەبەردێک و بۆ دواماڵئاوایی دەستم بە چاوەکانی داھێنا، کە سەیری دەستی چەپیم کرد، کاغەزێک سرنجی ڕاکێشام ، دەستە نەرم و شلەکەیم کردەوە، دیتم وێنەیەکە، بەڵام خوێناوییە … سەرنجم دا وێنەی دەزگیرانەکەی “ھیوا”یە کە قەرا بوو بۆ پاییزی کە بگەڕێنەوە بنکە سابیتەکانی حیزب، زەماوەندی لەگەڵ بکا .
لە پشت وێنەکە نووسرا بوو : “ھیوا گیان خۆشم دەوێی، ھەمیشە چاوەڕوانتم ….”.
فرمێسکی سار دو سڕ بەگۆنای وشک ھەڵاتوومدا ھاتنە خوار و کەوتە سەر وێنەی دەزگیرانی “ھیوا” و لەگەڵ خوێنی سوور و ئاڵی “ھیوا”دا تێکەڵ بوون.
ئەمەگ و وەفای کوڕە پێشمەرگەیەکی نێو شۆڕش بۆ ھەمووی ئەوانەی کە ھاوڕێبازی باوکی پێشمەرگەم بوون و بۆ تەنیا ساتێکیش جلوبەرگی پیرۆزی پێشمەرگەیان پۆشــی .
© 2019 ڕۆژهەڵات تایمز - هەموو مافەکانی ماڵپەڕ پارێزراون و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی بابەت بەبێ ڕەزامەندی ڕۆژهەڵات تایمز ڕێگەپێنەدراوە.
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە