پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەبارەی گرینگیی کاری ڕۆشنگەرانەی فەرهەنگییه‌وه

ئالان بەهرامی

44

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوانین کە ئەم بزووتنەوەیە هەڵگری ڕاسپێردراوێکی گۆڕانکاریخوازانەیە و لە پێناوی داهاتوویەکی گەشاوە و پێشکەوتووانەدا تێدەکۆشێ، بێگومان دەبێ وێنایەکی نوێتر و گشتگیرتر لە ئامانج و ڕاسپاردەکانی ئەم بزووتنەوەیە و چۆنیەتیی بەشدارکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە لەودا بخەیە بەر چاو. دیارە ئامانج لێرەدا لەلایەک خستنە ژێر ڕەخنەی کەموکووڕی و دەرفەتسووتێنییەکانی تا ئێستایە و لەلایەکی دیکەوە تیشک هاویشتنە سەر ئەم دەرفەتە زێڕینانەیە کە لەم سەردەمەدا و لە سایەی تێکنۆلۆژیای پێوەندییەکان و سۆسیالمیدیادا خوڵقاوە و دەکرێ بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو و پلانمەند لە پێناوی داهاتوویەکی گەشاوەدا بۆ کۆمەڵگە کەلکی لێوەرگیرێ.
کاتێک کە باس لە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکرێ، ناکرێ و نابێ لە چوارچێوەی ئەو پێناسەکردنە کلاسیکەدا قەتیس بمێنینەوە کە ئەم بزووتنەوەیە، لانیکەم لە قۆناخی ڕزگاریی نەتەوەییدا، تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسییە و دەورگێڕەکانی تەنیا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانن. ئەزموونەکانی تا ئێستا نیشانیان داوە کە ئەم پێناسەیە تاکڕەهەندییانە و بەرتەسککەرە. لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدا جێگایەک بۆ ڕەهەندێکی گرینگ و بنەڕەتیی خەبات لەبەرچاو نەگیراوە. واتە دەکرێ بگوترێ تێکۆشان لە پێناوی پێکهێنانی گۆڕانکاریی فەرهەنگی، دنیابینیی تاکەکان و بە گشتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و جێگیرکردنی کولتووری دێموکراسی پشتگوێ خراوە. هەرچەند ڕەنگە پاساوی ئەم کەمتەرخەمییە ئەوە بێ کە پرسی سیاسی و ڕزگاریی نەتەوەیی سەرێتیی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە لە بێ پلانییەکی بێ ئەملاوئەولاوە سەرچاوە دەگرێ. بۆ وێنە ئەم ململانە نێوخۆییانەی لەنێوان و لەنێو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدی دەکرێ کە لە بەرنامەی هەموویاندا دێموکراسی و پێشکەوتن ئانجی سەرەکییە و ڕۆژانە زیانی گەورە بە یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد دەگەیەنێ نیشانەی هەرە زەقی کەمتەرخەمی لەم بەستێنە دایە. ئەوەش نیشانەیەکی بەرچاوی ئەوەیە کە سیستمی پەروەردەی فکری و سیاسیی ئەوان لەوپەڕی لاوازی دایە.
ئەزموونە هاوشێوەکان لەلایەک و دوورەدیمەنێک لەو کێشە و ئاسەنگانە کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تەنانەت لە داهاتووی دوای گۆڕانی سیاسییشدا بەرۆکی ڕۆژهەڵات دەگرن، دەتوانن یارمەتیدەری بیچمگرتنی پێناسەیەکی نوێ لە بزووتنەوەیەکی فرەڕەهەند بن. پێناسەیەکی واقعگەرایانە و دووربینانە لەم بزووتنەوەیە دەبێ بە چەشنێک بێ کە یەکەم؛ ئامانج و ڕاسپاردەگەلێکی فرەلایەنتر لە خۆ بگرێ و دووەم؛ خاوەنی پلانی داڕێژراوی فەرهەنگی و ڕۆشەنگەریی فرەلایەنە بێ.
ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاکامی سیاسەتەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکاندا هەم ڕووبەڕووی ئاسمیلاسیۆنی زمانی و فەرهەنگی بۆتەوە و هەم دەرەتانی گەشەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی لێ بەرتەسک کراوەتەوە. لەم دەورانە دوور و درێژ و ڕەشەدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زمانی باڵادەست لەگەڵ زمانی کوردی ئاوێتە بووە و نۆرم و بەها فەرهەنگییە باڵادەستەکان بە هەموو لایەنە نەرێنییەکانی خۆیانەوە وردە وردە بوونەتە بەشێک لە فەرهەنگی کوردی. لە ئاکامی ئەم هۆکارانە و هۆکاری دێرینەی ئاییندا شوناسی نەتەوەیی کورد تووشی شێواوییەکی فرەلایەنە بۆتەوە و ڕێگاکانی گەشەی فەرهەنگیی تاک و کۆمەڵگەی کوردستان کۆسپ و تەگەرەی فرەچەشنیان خراوەتە سەر.

کاتێک کە باس لە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکرێ، ناکرێ و نابێ لە چوارچێوەی ئەو پێناسەکردنە کلاسیکەدا قەتیس بمێنینەوە کە ئەم بزووتنەوەیە، لانیکەم لە قۆناخی ڕزگاریی نەتەوەییدا، تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسییە و دەورگێڕەکانی تەنیا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانن.

هەرچەند بەخۆشییەوە لانیکەم لە پازدە ساڵی ڕابردوودا ڕەوتێکی جێگای هیوای تێکۆشانی فەرهەنگی و جڤاکی وەک وڵامدانەوەیەک بە پێویستیی پێکهێنانی گۆڕانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا سەری هەڵداوە، بەڵام ئەوەندە تێکۆشانە سەرەڕای بەنرخییەکەی لە بەرانبەر ژمارەی زۆری هۆکارە دژەکاندا ناتوانێ وڵامدەر بێ. ئەوەندە تێکۆشانەش کە بەدی دەکرێ لە سایەی ئازایەتی و هەست بە بەرپرسایەتیکردن و مایەدانانی ئەم بەستێنەدا توانیویەتی بەردەوام بێ.
کەواتە ناکرێ نکۆڵی لەم ڕاستییە بکرێ کە لەم بەستێنەدا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی زەمەنیی گەورەی لە دەست داوە. بەم هۆیەشەوە دەبینین دواکەوتووییەکی فرەلایەن باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە. لە سایەی ئەم دواکەوتووییەوە مافەکانی ژنان، منداڵان و هه‌موو چین و توێژه‌کان پپێشێل دەکرێ، فەرهەنگی سروشت و ژینگەپارێزی لەوپەڕی لاوازی دایە، ڕێژەی خۆکوژیی فەرهەنگهۆکار و گیرۆدەیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیادبوون دایە، ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان جیاواز لە دەسەڵات لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە بەرتەسک دەکرێنەوە و زۆر نەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵایەتی و پڕوپووچگەرایی درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و….
ئەگەر هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتوویی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک بریتی بێ لە دەسەڵاتی سیاسی، باری ئابووری، ئایین و سیستمی پەروەردەوفێرکردن، لە پەنا ئەوانیشدا نەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕۆشەنگەرانە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانە. لەم سۆنگەیەوە بزووتنەوەیەکی گۆڕانخوازانە و پێشکەوتنخوازی سیاسی لە چەشنی بزووتنەوەی کورد دەبێ شانبەشانی خەباتی سیاسی، بە شێوەیەکی پلانمەند خەباتی ڕۆشەنگەرانە لە نێو کۆمەڵگەدا بەرەوپێش ببا. چونکە دەسکەوتەکانی ئەم بوارە لە خەبات لە ڕاستیدا دەسمایەی داهاتوون. بەم واتایە کە لە ئەگەری گۆڕانی سیاسیدا کۆمەڵگەی کوردستان خاوەنی دەسمایەیەک لە کولتووری دیمۆکراتیک و پێکەوەهەڵکردن بێ تا لە سایەی ئەودا بە یەکگرتووییەوە لە هاوکێشە ئاڵۆزە سیاسییەکاندا دەربکەوێ، ڕێگا بۆ پراکتیزەکردنی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان لەبار بێ، میراتی ڕیشەداری گەندەڵیی ئابووری و بەڕێوەبەری لاواز بکرێ، یەکسانیی ڕەگەزی و پەروەردەی سەردەمیانە جێگیر بکرێن و….
ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە تێکنۆلۆژیی ڕاگەیاندن، پێوەندییەکان و سۆسیال میدیا دەرفەتی زۆر دەگمەن و بێ وێنەیان ڕەخساندوە تا تێکۆشەرانی بەستێنە جۆراوجۆرەکان یان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە پێناوی ئامانجی گرنگی گەشەی فەرهەنگیی کۆمەڵگەدا کەلکی لێوەرگرن. بۆ وێنە دنیای سۆسیال میدیا یان میدیای کۆمەڵایەتی دەرفەتی بێوێنەی ئەوتۆی خوڵقاندەوە کە دەکرێ لە ڕێگای ئەوەوە لە درێژ ماوەدا گۆڕانکاریی گەورەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێک بهێنرێ. کەچی ڕاست بە پێچەوانە، ئەم بەستێنە بەرفراوان و بێسنوورە کەمترین کەلکی پێویستی لێوەردەگیرێ. کورتە هەڵسەنگاندنێک لە میدیای کۆمەڵایەتیی کوردی دەری دەخا کە ڕۆژانە سەدان هەزار و ڕەنگە بە میلیۆن بەکارهێنەر کاتەکانی خۆیان بە شتی بێسوود و تەنانەت زیانبار تێدەپەڕێنن، یان سیاسەت و شرۆڤەی سیاسی بۆتە کەڵکەڵەی سەرەکییان. ئەوە لە حاڵێک دایە کە دەرفەت و بەستێنی زۆر کەم تێچوو و دەکرێ بڵێین زێڕین هاتۆتە ئاراوە کە دەکرێ بە کەلکوەرگرتن لەم کاری فەرهەنگی و ڕۆشنگەریی گەورە لەسەر تاک و کۆمەڵگە بکرێ و لەم ڕێگایەوە تاڕادەیەک قەرەبووی ئەو زیانە مەزنانە بکرێتەوە کە لە ئاکامی سیاسەت و پیلانە جۆراوجۆرەکانی داگیرکەران و کەمکاریی خۆمان لە شوناس، فەرهەنگ و کۆمەڵگەکەمان کەوتوە.
لەم پێوەندییەدا بۆ وێنە دەکرێ شارەزایان و ئۆگرانی بوارە جۆراوجۆرەکان فێرگە و ناوەندی فێرکاریی تایبەت دامەزرێنن و لە دەوری کۆ ببنەوە. ئەم بەستێنە گرنگانە و لەم پێوەندییەدا ئەم جۆرە ناوەندانە دەتوانن بە شێوەی تایبەتمەند کاری لەسەر بکەن دەکرێ زۆر بەربڵاو بێ بۆ وێنە مافی مرۆڤ، مافەکانی منداڵان، ژنان، ژینگە، فەرهەنگی بەکارهێنان، پاراستنی سامانی گشتی، فێرکردنی خوێندن و نووسینی کوردی و …
لەم پێناوەدا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش کە خاوەنی میدیا و ئەندامی خاوەن توانان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە داڕشتنی پلانی تایبەت دەتوانن هەم پێویستە پەروەردە و فێرکردن لە نێو ئەندامانیاندا لە بەستێنە جۆراوجۆرەکان دا ئۆرگانیزەتر و ئامانجدارتر بکەن و هەمیش لە ڕێگای دامەزراندنی ناوەندگەلی لەم چەشنە ڕادەی شوێندانەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگە بەرەوژوورتر بەرن.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More