پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆنفرانسی پێشنووسی دەستوور پاش کۆماری ئیسلامی له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو

كۆنگرێسی ئه‌مریكا
93

ڕۆژی ٢٦ی ژوئه‌نی ٢٠١٨ سمینارێك له‌ ژێر سه‌ردێڕی Democratic Transition سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی (constitutional) ئێرانی دواڕۆژ له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م كۆنفڕانسه‌ له‌ لایه‌ن كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانیان به‌ به‌شداری چه‌ندین كۆنگرێسمه‌نی كۆماریخواز، به‌رپرسانی چه‌ند ناوه‌ندی تینك تانك، ڕۆژنامه‌وانی سه‌ربه‌خۆ، نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران وه‌ك كورد، عه‌ره‌ب، ئازه‌ری و به‌لووچ به‌ڕێوه‌چوو.
شایانی باسه‌ حیزبی دێموكراتی كوردستان بانگێشتی ئه‌م كۆنفڕانسه‌ كرابوو و به‌ڕێزان كاك كامڕان باڵنوور نوێنه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان و كاك خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حزب له‌ ئه‌مریكا تێیدا به‌شدار بوون. كاك كامڕان باڵنوور یه‌كێك بوو له‌ وتاربێژه‌كانی دانیشتنه‌كه‌. ناوبراو له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سبه‌ی، ئه‌وه‌ گه‌لانی ئێرانن كه‌ بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و ناوه‌رۆكی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی جۆری حكوومه‌تی داهاتوو له‌م وڵاته‌دا و ڕێفراندۆم ده‌توانێ به‌ باشی ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ بپێكێ.
باڵنوور وتی: ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌كانی ئێران پێویستیمان به‌ تاریفێكی سه‌رله‌نوێی ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ژێئۆپۆلیتیكی، كه‌ دواجار ده‌بێ دوو چه‌مكی به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ و وه‌لانانی هه‌ڵاواردنی تێدا مسۆگه‌ر بكرێ. باڵنوور جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك وه‌ك كورد خوازیاری ئه‌وه‌ین كه‌ له‌ ئێرانێكی دێموكراتیك و فێدڕاڵدا بژین و له‌ دواڕۆژیشدا مافی چاره‌ی خۆ نووسین بۆ ئێمه‌ و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ ده‌ستووری داهاتووی وڵاتدا بگونجێندرێ.
له‌ به‌رنامه‌كه‌دا كۆنگرێسمه‌نه‌كان كه‌ بریتی بوون له‌ دانا ڕۆڕاباركێڕ له‌ ئه‌یاله‌تی كالیفۆرنیا، دانكێن هانتێر له‌ له‌ ئه‌یاله‌تی كالیفۆرنیا و هه‌روه‌ها تێد پۆ له‌ ئه‌یاله‌تی تێكزاس كه‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ باڵی كۆماریخوازه‌كان بوون به‌ توندی له‌ دژی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵوێستیان گرت و پاڵپشتی خۆیان بۆ خه‌ڵكی ئێران ده‌ربڕی. هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب، ئازه‌ری و به‌لووچیش به‌ پێداگری له‌سه‌ر فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوون ئێران خوازیاری مافی نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌فارسه‌كان بوون. شایانی باسه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تریش له‌ ناوخۆی ئێران و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ سكایپ به‌شداری به‌رنامه‌كه‌ بوون.

سەرچاوە:کوردستان و کورد

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More